لە لایان ناوەندی کلتووری پڕۆفیسۆر عیززەددین مستەفا ڕەسووڵ بۆ بەشداری لە کۆنگرەی ناوبراو کە، لە ڕێکەوتی(۱۹) تا (۲۱) ڕەشەمە بەڕێوەدەچوو بانگهێشت کرام.
وێڕای دوو کەس لە هاوەڵانی داوەت کراوم، له سنووری سەیران بەندەوە چووینە نێو شاری پێنجوێن کە لە خاکی سلێمانی دایە.
سەیارەیەک بەرەوپیرمان هاتبوو. بارانیش بە تووندێوە دەباری. دوای پێنجوێن، ڕۆیشتین بۆ نێو خودی شاری سلێمانی و بەرەو هۆتێلی میلینیۆم کە هەم شوێنی مانەوەمان بوو و هەم بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە بو ڕۆیشتین. هەمووشت ڕێک و پێک بوو و بە گوێرەی بەرنامە دەڕۆیشتە پێش.
وردە وردە میوانەکانی دیش دەگەیشتنێ؛ لە ئێران، تورکیا، سوریە، پۆڵەندا، فەڕانسە، سۆئێد و هتد.
کۆنگرەکە بە هیممەت و خەرجی تایبەتی لە لایەن بەڕێز فاڕووق مەلا مستەفا، برای خوالێخۆشبوو پڕۆفیسۆر عیززەددین مستەفا ڕەسووڵ بەڕێوە دەچوو. کە ناوەندی کلتووریشی بەنێو برا پسپۆڕەکەی بنیات نابوو. کاک فاڕووق کەسایەتییەکی کارداهێن و هۆگر بە ئێشی کلتووریە و خۆشی لە نەوەکانی برای مەولانا خالید شارەزووریە. لە وتەی کۆتایی کۆنگرەکەش ئاماژەیەکی سەرنجڕاکێشی کرد کە نەتەوەکان بە عیلم و کلتوورەوە سەقامگیر دەبنەوە و خۆشم ئەوینداریم بۆ کتێب و خوێندنەوە و سروری فه‌رهه‌نگی هه‌یه.
وتاره‌کان لە چەند پانێلێکی تایبەت ئامادە کرابوون. لە سەرەتای کۆنگرەکە، کۆنسێرتی هونەرمەند عەدنان کەریم کە بە پێشکەشکردنی هێندێک لە بەرهەمە شێعرییەکانی مەولانا خالید و مەحوی کە بە زمانی کوردی و فارسی هۆنیبویانەوە دەست پێکرا. فلیمێک بە هەوڵ و تەقالای جمال لولو و هاوکارانی کە یەکێکیان زەینون کچی فاڕووق مەلا مستەفا بوو، بەڕێوەچوو. کە باسی لە ژیانی پڕ لە نهێنی و ڕاز و پڕ بەسەرهات دەکرد. سەرەڕای بابەتانێکی چاک کە لەسەر لایەنەکانی ژیانی مەولانا خالید خرانە ڕوو، بەداخەوە کۆمەڵە زانیارییەکی هەڵەش باسی لێ کرا کە نیشاندەری لاواز بوونی بەشە زانستییەکەی کۆرەکە بوو. بە بڕوای من دەبێ کومەڵگای کوردەواری لە ئاستی هەستەوە تێپەڕ بێت وە بۆ کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی وەهادا چاوی زانستی، جێگری تێڕوانینێکی لایەنگرانەو تێکەڵ لەگەڵ دەمار گرژی بکا. تەنانەت هێندێک لە وتار بێژەکان زانیاریەکانیان هەڵە بوو. بۆ وێنە یەکێک باسی لە تورک بوونی مەولانا خالید دەکرد یا ئەوەیکە مەولانا خالید، بانگخوازییەکەی لە تەکیەی عەبدولکەریم جیلی دەست پێکردووە!! لە حاڵێکدا دروست ئەوەیە تەکیەی عەبدولقادر گەیلانی کە لە بەغدایە دەستپێکی ئەو ئیشە پیرۆزەی وی بووە نەک عەبدولکەریم جیلی کە لە زوبەیدی یەمەن بوو. یەکێکی دیش لە وتار بێژەکان بە گێڕانەوەیەک لە لایەن غەزالییەوە دەیکوت: زانستە ئیسلامییەکان لەسەر سێ بناغەی (دینەوەری، ئامێدی، شارەزووری) بنیاتنراون کە هەر سێکیان کورد بوونە…! لە حاڵێکدا ئەو قسەیە بە نێوی غەزالییەوە هەڵبەستراوە و ڕاستییەکی لەبۆ نییە بە تایبەت ئەوەیکە ئامێدی و دینەوەری دوای غەزالی دەژیان!! وەکی دیارە ئەو قسەیە یەکەم جار، خوالێخۆشبوو مامۆستا هەژار لە پێشەکی لێکدانەوەی دیوانی مەلای جەزیریدا هێناوێتی! جا ئەوەیکە سەرچاوەکەی چ بووە، باسی لێ نەکردووە و بەداخەوە ئەو قسەیەم بە شێوەی گێڕانەوە لە چەند جێگای دیدا خوێندۆتەوە. نابێ لە ڕووی دەمار گڕژی و لەگەڵ کلتوور و مێژوو ڕووبەڕوو بۆوە و شتی هەڵە بێتە سەر زار. یا بۆ وێنە یەکێک دەیکوت نەقشبەندی تەریقەتێکی کوردی بووە! چونکە ئەو ڕەچەڵەکە دەگەڕێتەوە سەر میرزا یوسفی هەمەدانی و هەمەدانیش چونکە کوردنشین بووە دەبێ ئەگەوایە میرزا یوسفیش کورد بووبێت…! یەکی دی دەیکوت لە دوای یا ڕێخۆشکەر بووە بۆ سازکردنی دەسەڵاتی کوردی… کە دوکتۆر ئیسماعیلی شەمس، مامۆستای مێژوو، بۆ ڕەخنەگرتن لەو بابەتەی دەیکوت کە هەر سەردەمی مەولانا خالید لە پێش سەردەمی شکڵ گرتنی بابەتی دەسەڵات بە شێوەزاری مۆدێرن بووە. و هەر دەبێ بشپرسرێ ئەگە مەولانا خالید لە دوای دەسەڵات بووە چۆن ئەو هەموو خەلیفە و مورید و مەنسوبەی لە ڕەگەزی غەیرە کورد بۆ وێنە عەڕەب و تورک لە لای کۆ دەبونەوە.؟ هەرچەند شتێکی حاشا هەڵنەگرە کە تەریقەت و ڕێبازی وی بەرهەمێکی زۆری لە لایەنی کلتووری و زمانەوانی و ئەدەبی هەبووە و تەنانەت هێندێک لە خەلیفە و موریدەکانی وەکوو سەید ته نەهری یا شامل داغستانی و… ڕاستەوخۆ لە کێشماکێش لەگەڵ سیاسەت بوونە. یەکێک لە کەسایەتییە سیاسیەکان کە نامهەوێ ناوی بەرم لەناو نووسراوەیەک پەلاماری سەرکردەی ناوداری ئیسلام و کوردی دا واتە: سوڵتان سەلاحەددین ئەییووبی کە هیچ کارێکی بۆ کورد نەکردووە و موخالیفانی پەلامار دەدا! کەسێکی تر لە وتار بێژەکان داوای دەکرد کتێبی (ریاض المشتاقین) وەرگێڕدرێتە سەر زمانی عەڕەبی. بێ خەبەر لەوەی کە زۆر لەوەی لەپێش ئەو وەڕگێڕانە بڵاو کراوەتەوە.! چەند کەسی تر لە وتار خوێنەکان باسیان لە درێژەدان بە هزری وەحدەتی وجودی(محیی الدین ابن العربی) لە لایان مەولانا خالیدەوە دەکرد لە کاتێکدا کە ئەو وەکوو ئەحمەد سەرهەندی باوەڕی بە وەحدەتی شوهوود بووە نە وەحدەتی وجود! خولاسه چ بڵێم لە بارەی ئەو هەموو هەلەیەی لەو کۆنفرانسەدا بیستمان؟! بە گومانم هێشتا کۆمەڵگای مە بۆ بابەتی ڕەچاوکردن مێتۆد و شێوازی زانستی ڕێگایەکی دووری لە پێشە. پێویستە کۆمەڵگای کورد لە گەشتی گۆڕانکاری گەشەسەندنی دا ئەو خه سارناسییانه ڕەچاو بکات و دیاردە و سەرمایە مێژوویەکانی وەکوو خۆی بناسێت و بیناسێنێت. خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە یەکێک لە وتار بێژەکان ئەوڕووپی لە قسەکانیدا گێڕانەوەیەکی لە وتەکانی یەکێک لە وتار بێژەکان ئەو کۆنگرەیە کرد و سەرچاوەکەشی، یانی دوکتۆر شەمس باس لێکرد! لە وروژێنێکدا کە دەگەڵ دۆستان هەمان بوو باسمان لەوەکرد کە بۆچی ئەو ئەمانەتداری و وەسواسییە لە ناو ئێمەدا کەمە؟
سەرەڕای ئەو هەموو گۆشە و پەراوێزانە چاوپێکەوتنی دۆستانی کۆن و دۆزینەوەی دۆستانی نوێ، لە خۆشییەکانی ئەو سەفەرە بوو.
لەوانە سەردانێکی قەرەداغ بوو کە لە مێژ ساڵ بوو لە دڵمدابوو بچم بیبینم! هەروەتر چاوپێکەوتنی کەتیبەیەکی بەردی نارام‌سین پاشای ئەکەدی کە مێژوویەکەی دەگەڕێتەوە سەر چوار هەزار و پێنسەد ساڵ پێش و نیشان دەری فتوحاتییەتی لە ناوچەی زاگرۆس.
ناوەندی کلتووری پڕۆفیسۆر عیززەددین مستەفا، یازدە بەرگ کتێبی تازە بڵاوکراوی بە میوانانی کۆڕەکە دیاریکرد؛ بە سەردێڕەکانی وەکوو: مەولانا خالید و خالیدییە، دراسات حول مولانا خالد و الخالدیە، میراتی مەولانا خالید لە کوردستان و ئەندۆنێزی، خالیدیە لە ڕوسیا و قەوقاس، مەولانا خالید لە ئیستانبوڵ و ڕۆژھەڵات و هتد.
لە کۆتایی کۆنگرەکەش، دوکتۆر هەڵکەوت حەکیم مامۆستای زانکۆی پاریس، چەند دێڕێکی لە قەسیدەی عەڕەبی مەولانا خالید کە سەرەتاکەی بە:

“کملت مسافة کعبة بالآمال
حمداً لمن قد من بالأکمال“

دەستی پێ دەکرد، خوێندەوەکە زۆر بەجێ‌وڕێ بوو.